مام جەلال، ههمیشه وتویەتی: سەعدی پیرە درۆزانە ھەروەھا وتویەتی؛ ئەگەر ویستان درۆ بۆ کەسێک یان لایەنێک ھەڵبەستن، سەعدی پیرە ڕاسپێرن
ھەزار ڕەحمەت لە گۆڕت مام جەلال.. زۆر جار بە سوعبەتەوە بۆچونەکانی وتوە بەڵام بە مەبەست سوعبەتەکانی کردووە.
دەڵێن.. یەکێک لەو کەسانەی مام جەلال بەسوعبەتەوە باسی کردووە و ناوی ھێناوە کاک سەعدی پیرەبووە لە سوعبەتێکدا کە ھەمیشە دووپاتی کردۆتوە وتویەتی: سەعدی پیرە درۆزانە ھەروەھا وتویەتی؛ ئەگەر ویستان درۆ بۆ کەسێک یان لایەنێک ھەڵبەستن، سەعدی پیرە ڕاسپێرن و خەمتان نەبێ.. کەناڵەكەتان بۆ کۆئەکاتەوەو چۆنتان بوێ درۆ ڕیزدەکات.
دوێنێ شەو لە(کەناڵی ئاڤا میدیا) دا چاوپێکەوتن لەگەڵ سەعدی کراوە لە (٥) دەقیقەدا (٥) درۆی فەرمووە.
١- چاودێرو گەلاوێژ موڵکی یەکێتییە.
٢- مەسرەفی چاودێر یەکێتی دابینی کردووە.
٣- مەلا بەختیار خۆی وتویەتی من یەکێتی نیم.
٤- یەکێتی ھەقی خۆیەتی موڵکەکەی وەربگرێتەوە.
٥- گوایە ئادابی برادەرێتی باش دەزانێ.
سەبارەت بەخاڵی یەکەم: گوایە چاودێر موڵکی یەکێتییە، لەسەر ئەم خاڵە تەنھا ئەوەندە دەڵێین کە با وەزارەتی دارایی ، یان شارەوانی یاخود وەزارەتی ڕۆشنبیری(وەزارەت دەڵێین) بەڵگەنامەیەک بڵاو بکەنەوە کە بارەگای دەزگای ناوەندی چاودێر کراوەتە موڵکی یەکێتی.
بینایەکە لەدوای ڕاپەڕین بارەگای پارتی گەل_ سامی عەبدولرەحمان چوەتە ناوی، یەکێتی لە ڕێگەی شەھید ( بابە تایەر) وە دەستی بەسەردا گرتووە.
مەگەر لە سلێمانی کارەکە لەژێرەوە ڕێک خرابێ.. ئەگینا زیاتر لە (١١) ساڵە چاودێر و گەلاوێژ لەو بارەگایەن.. نەیانزانیوە موڵکی یەکێتییە.
بۆ خاڵی دووەمیش : مەسرەفی چاودێر گوایە تێکڕا یەکێتی دابینی کردووە، بێگومان.. ھەتا جەنابی مام جەلال نەخۆش نەکەوتبوو.. مەسرەفی گەلاوێژو فیستیڤاڵ وەکو پاڵ پشتی بە ئەمری مام جەلال جێ بەجێ دەکرا، بەڵام دوای نەخۆش کەوتنەکەی.
١- مەسرەفی فێستیڤاڵ بەگشتی ڕاگیرا تەنھا ھاوکاریەکی کەمی مانەوەی میوانان لە ھۆتێل لە دوو فیستیڤاڵ کراوە.
٢- مەسرەفی ڕۆژنامەی چاودێرو گۆڤاری گەلاوێژیان ڕاگرت.
٣- تەمویلی ھیچ جۆرە چالاکیەکی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر نەکراوە.
وەکو تر.. سەعدی پیرە وادیارە بیرەوەری لە ژێر کاریگەری درۆ ھەڵبەستندا لاواز بووە ئەگینا پێرار سەرۆکی یەکێتی لە دانیشتن لەگەڵ ( عەبدول لەتیف سەلەفی) دا لەسەر تەلەڤزیۆن وتی: موچەو بودجەی چاودێرم بڕیووە. مەلا بەختیار ڕونکردنەوەشی لەسەر قسەکانی دا، سەعدی پیرە تەواو بڕیارەکانی سەرۆکی یەکێتی ورد ورد لەبەرە.. ئیتر چۆن نازانێت موچەو بودجەی چاودێر پێشتر نەماوە!
سەبارەت بەخاڵی سێھەم: سەعدی کە دەڵێ مەلا بەختیار خۆی دەڵێ یەکێتی نیم.
تەنھا ئەوەندە دەڵێین: خۆزگە ئەم کاک سەعدییە ئاماژەی بە نوسینێک یان قسەیەکی مەلا بەختیار کردبا لەکوێ وتویەتی یەکێتی نیم؟ ھەموو کوردێک و سیاسیەک دەزانێ کە لەپارەوە مەلا بەختیار پەیتا پەیتا وتویەتی: یەکێتیم و پێویستە یەکێتی بگەڕێتەوە فرە مینبەر، تەنانەت لە کتێبی( لەبری بیرەوەری) یشدا، یەکەمین جار ئەو بۆچونەی نوسیوە.
لەم بارەیەوە تەنھا دەپرسین:
دەرکەوتوە لەناو یەکێتیدا، تەنھا ھەلپەروست و سپڵەکان پێیان خۆشە دەست بەسەر چاودێردا گیراوە.
تۆبڵێی سەعدی بیری نەمابێ کە بەو قسانەی دەرونی ئەو خەڵکانەی ئاسودە کردووە.
بۆ خاڵی چوارەمیش کە یەکێتی ھەقی خۆیەتی موڵکی خۆی بگەڕێنێتەوە، دەڵێین: گریمان ئەم قسانەی سەعدی دروست بن باشە لەم حاڵەتەدا نەدەکرا باسەکە لە مەکتەبی سیاسی کراباو بە بڕیارێکی سیاسی وەرگیرابا و بڕیارەکە بە بەئسوڵیش بە چاودێر ڕاگەیاندرابا، یان بڕیاری حاکمیان بۆ دەرچوبایە.. ھەتا چۆڵی بکەن، ھیچ ڕێگایەک نەبوو.. جگە لە ناردنی کۆماندۆ بۆسەر بارەگای چاودێر و ماڵی مەلا بەختیار لە خانەقین؟
دوا خاڵیش کەدەڵێ.. من ئادابی برادەرێتی دەزانم، خۆ مەلا بەختیار سجن نەکراوە.
ئەم وەڵامە کوتو مت پێشێل کردنی ڕاستەوخۆی ئادابی برادەرایەتیە، کە مەلا بەختیار ٤٠ ساڵ سەعدی دەناسێ، ڕەچاو کردنی برادەرایەتی ئەوە بوو بڵێ:
ھۆکاری داگیرکردنی چاودێر لە مەکتەبی سیاسی بڕیاری لێنەدراوە، بۆیە وردەکاریەکەی نازانم و ناشمەوێ وەڵام بدەمەوە.
پاشان بۆچی باسی سجن کردنی مەلا بەختیار دەکەی؟. ئەمایان جگە لەوەی کە سەعدی پیرە بێ ئەدەبی کردووە بەرامبەر ئادابی برایەتی ھیچی دیکە نییە.
سەعدی پیرە: خۆت دەزانی مەلا بەختیار لە دژایەتی دیموکراسی و ئازادیدا.. تاقی کردنەوەی لەگەڵ یەکێتی هەیە. بەڵام لەم ھەلومەرجەو کێشەو کێشمە کێشانەدا، بەھیچ چەشنێک نەی ویست خۆی بدزێتەوە، یان بچێتە ھەولێر یاخود بەغداد و دەرەوە.
نەی ویستوەو ناشی دەوێ.. ببێتە بەشێکی کێشە سیاسیەکانی کوردستان. چۆن لە ١٩٨٥ نەی ویستبوو ھێزی پێشمەرگە لە یەکێتی جیا بکاتەوە و بچێتە ناو (جود). لە مانگی ڕابردوو ھەموو بەڵگەنامەکانیشی بڵاو کردوە کە نەی ویستوە پێشمەرگە جیا بکا تەوە. ئێستاش ھەتا بتوانێ بڕیارێک نادات لە یەکێتی و لە سلێمانی و لەگەرمیان و ھەڵەبجەو ڕاپەڕین و کەرکوک و خانەقین دوور بکەوێتەوە.
چارەسەر کردنی کێشەکانی ھەناوی یەکێتی بەداخستنی بارەگای چاودێر و چاودێری کردنی ئەوانەی ناڕەزان و ڕەخنە دەگرن چارەسەر ناکرێ. بەڵکو بە دیالۆگ و رەخنە لە خۆگرتن و پەرە پێدانی یەکێتیە بەرەو فرە مینبەری.
دەمانەوێ ئەوەش ڕون بکرێتەوە کە: ئەم وەڵام دانەوەیەی ( چاودێر) لەبەر ئەوە نییە قسەکانی کاک سەعدی لەسەر ڕای گشتی کاریگەرن.. نەخێر.
سیاسیەک.. مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوبێ لەھەڵبژاردنی پێشو تری عێراق دەنگی پێویستی نەھێنابێ.. مەعلومە قسەکانی کاریگەری لەسەر خەڵک نابێ.
لەکۆتایدا دەپرسین:
١_ لەساڵی ١٩٧٦ کە شۆڕش لەلایەن کۆمەڵەو بزوتنەوەی سۆشیالیست لەناو کوردستان بەرپا کرا، سەعدی پیرە نەک ئامادە نەبوو لە نەمساوە بێتەوە، بەڵکو ئامادە نەبوو بچێتە لای دەستەی دامەزرێنەر لە سوریا.
ھەروەکو ١_ شەھید سەید کەریم ٢_ سامان گەرمیانی ٣_ مستەفا چاوڕەش ٤_ عادل گەرمیانی ٥ _ ملازم فواد ٦_ شەھید ملازم جەمال و دکتۆر مەحمود و عدنان موفتی و… تاد
٢_ کارەساتی ھەکاری ڕویدا.. یەکێتی گەیشتە ڕۆخی فەوتان
سەعدی پیرە ڕێک ئەوکاتە لە کوێ بووی ڕاست بڵێ : کوت و مت چیت دەکرد؟
٣_ کە ئەنفال قەوما.. سەعدی و خەڵکانی وەکو سەعدی چیتان کرد و چۆن تێزابتان دەکردە برینەکانی ھەڵەبجەو گۆپ تەپەو سێوسێنان و سێ گردتکان و بادینان و سۆرانی لێقەوماو.
کاک سەعدی!
ئێستا کەتۆ ئەم ھەموو درۆیانە لەبەرامبەر پێشێل کردنی ئازادی چاودێرو مەلا بەختیار ھەڵدەبەستیت، لێت دەپرسین: ئەی بۆچی کە بزوتنەوەی گۆڕان جیا بوەوە فزەت نەئەکرد. ئەی بۆچی ھاوپەیمانیە دیموکراسیەکەی د. بەرھەم جیا بوەوە متەقت لێوە نەھات؟ یانی بەڕای سەعدی بارەگای ناوەندی چاودێر لەسەر چارەنوسی یەکێتی مەترسی دار بوو یاخود گردەکەی گۆڕان و ١٠ ملیۆن دۆلار بەخشین بە شاد ڕەوان نەوشیروان مستەفا؟
شانازی مەکە کە چاودێرتان داخستوە.
چونکە مایەی ئۆباڵێکی مێژووییە، ناشتوانی پاساو بۆ ئەم کار و ئاکارە پێشێل کردنەی دیموکراسی بھێنێ ھەرچەندە دەزانین وەکو مەرحوم مام جەلال فەرمویتی: سەعدی درۆزانە!
سهرچاوه چاودێر