12 سه‌رماوه‌ز 

2724

ئێران سێ كورد بەتۆمه‌تى كوشتنى زانایه‌كى ئه‌تۆمى لەسێدارە دەدات یەكێكیان خەڵكی سلێمانییە

ئێران سێ كورد بەتۆمه‌تى كوشتنى زانایه‌كى ئه‌تۆمى لەسێدارە دەدات یەكێكیان خەڵكی سلێمانییە
PUKMEDIA

ئەسغەر جیهانگیری وتەبێژی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ ئاماژەكردن بەناوی هیچ كه‌سێك ڕایگەیاند، سێ كەس لەدۆسیەی تیرۆری فەخریزادە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان زانیاریى زیاترى له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراكردووه‌و نووسیویه‌تى:"ئیدریس ئالی‌و ئازاد شوجاعی دوو هاووڵاتیی خەڵكی سەردەشت‌و ڕەسوڵ ئەحمەد هاوڵاتیی خەڵكی سلێمانی لەهەرێمی كوردستان، لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوه‌".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئەسغەر جیهانگیریی وتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "لەدۆسیەی تیرۆركردنی فەخریزادەدا تائێستا سێ سیخوڕی ئیسرائیل لەدادگا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لەم دۆسیەیەدا هەشت كەس لەئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەركران كە سێ لەئەندامانی باندەكە لەژێر ناوی قاچاخیی خواردنەوەی كحولیدا كەرەستەكانی تیرۆركردنی فەخریزادەیان هێناوەتە ناو وڵاتەوە، ئەم سێ كەسە لەدادگا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووەو حوكمەكەیان لەقۆناغی تێهەڵچونەوەدایە".

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەستهێناوە كه‌ "ئەو سێ هاوڵاتییە ساڵی ڕابردوو لەماوەی چەند ڕۆژێكدا لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەركراون‌و گواستراونەتەوە بۆ گرتووخانه‌ى ئیتڵاعات لەشاری ورمێ".

بەوتەی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، "ئەو هاووڵاتیانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەگرتووخانه‌ى ئیدارەی ئیتڵاعات لەورمێ خرانە بەر ئەشكەنجەی جەستەیی‌و دەروونی‌و دوای زیاتر لەسێ مانگیش بۆ یەكەمجار مۆڵەتیان پێدرا بەتەلەفۆن پەیوەندیی بەبنەماڵەكانیانەوە بكەن".

وەك ئەو تۆڕە دەڵێت:"لێپرسراوە ئەمنییەكان لەسیناریۆیەكی هەڵبەستراودا تۆماتباریان كردوون بەسیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل‌و گواستنەوەی كەرەستەكانی كوشتنی فەخریزادە".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكردووه‌، "ئیدریس ئالی‌و ئازاد شوجاعی خەڵكی گوندی دۆڵەگەرمەی سەردەشتن‌و كۆڵبەربوون، لەگەڵ ڕەسوڵ ئەحمەد كاسبكاری خەڵكی سلێمانیی هەرێمی كوردستان، سەرەتا هەموو تۆمەتەكانیان ڕەتكردەوە، بەڵام دواتر لەژێر ئەشكەنجەی قورسدا ناچاربوون دان بەتاوانباربونی خۆیاندا بنێن".

موحسین فەخریزادە یەكێكبوو لەزانا ئەتۆمییەكانی ئێران، لە 27ی تشرینی دووەمی 2020 لەناوچەی ئابسەردی دەماوەند لەنزیك تاران لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تەقەی لێكراو كوژرا، دوای ڕووداوەكە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ئیسرائیل ڕۆڵی هەبووە لەتیرۆركردنی فەخریزادە".




په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی یه‌کێتی کورد

■ بڵاوکراوه‌ی یه‌کێتی کورد


بڵاوکراوه‌ی یه‌کێتی کورد، بڵاوکراوه‌یه‌کی بێلایه‌نه‌ و سه‌ر به هیچ پارت و حیزبێکی سیاسی نییه.
ئه‌و ناوه‌نده‌ بۆ خزمه‌تی کورد به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بیروڕای تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا به هه‌ند وه‌رده‌گرێت، له بڵاوکراوه‌ی یه‌کێتی کورد، هه‌موو ده‌نگێک ئازاده‌.

ئامانجه‌کانمان

١/  ده‌نگه‌کان ئازادن، ده‌بێ ئازاد بن
٢/ ده‌نگی مامۆستایانی ناڕازی
٣/ ده‌نگی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات
٤/ ده‌نگی کوردانی ڕۆژئاوا
٥/ ده‌نگه‌ کپکراوه‌کانی باشوور
٦/ کۆتایی هاتن بۆ زۆنه‌کانی زه‌رد و سه‌وز

بڵاوکراوه‌ی یه‌کێتی کوردان،  یه‌کێتیه‌ک بۆ هه‌موو ده‌نگه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورد


■ په‌یوه‌ندی گرتن


■ پێڕسته‌کان


١- نه‌خشه‌ی ماڵپه‌ر
٢-  به‌شه‌کانی ماڵپه‌ر
٣- شاره‌کانی کوردستان
٤- شێوازی  ژیان