ماوەی دوو ڕۆژە سەدان بارهەڵگر لە بازگەی کۆیە وەستاون و بە پێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە ڕێگەیان نادرێت داخڵی پارێزگای سلێمانی ببن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە دەڵێت دروستبوونی قەرەباڵخی و ڕێگریەکە بەهۆی وەرگرتنی پارەیە لەلایەن ئیدارەی گشتی یەکێتیەوە لەو بارهەڵگرانە، بەڵام قائیمقامی قەزای کۆیە ڕەتی دەکاتەوە کێشەکە بەهۆی پارەوە بێت و دەڵێت،" هۆکارەکەی ڕێگە و بانە نەک شتی تر."
ڕۆژی پێنج شەممە ڤیدیۆی وەستانی سەدان تەنکەر لە بازگەی کۆیە بڵاوکرایەوە و بە پێی قسەی میدیاکانیش بێت هۆکارەکەشیان گەراندەوە بۆ ڕێگری کردن لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بە داخڵ بوونی ئەو بارهەڵگرانە بۆ شاری سلێمانی، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایدەگەیەنێت،" هۆکارەکە وەرگرتنی پارەیە."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکێشەکە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە دوێنێ عەسرەوە ڕێگەکەمان لێگیراوە و هۆکارەکەش وەرگرتنی پارەیە لەلایەن ئیدارەی گشتی یەکێتیەوە."
وتیشی،" هەر بارهەڵگرێک 300 دۆلاری لێ وەردەگیرێت، میکانیزمەکە بەم جۆرەیە ژمارەی بارهەڵگرەکەت دەگرن و لە ڕێگەی نووسینگەیەکەوە لە یەکێک لە بازاڕەکانی سلێمانی دەبێت پارەکە بدەیت، ئینجا ڕێگە دەدرێت بڕۆیت، بۆ نەوت، قیر بەنزین و غاز 600 دۆلار وەردەگرن، پارەکە ئیدارەی گشتی لێمان وەردەگرێت، یەکێتی ڕێگەکەی گرتووە."
نزیکەی دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کورستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆتایی مانگی 3ی ساڵی 2023 ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سکاڵایەکی عێراقی لە دژی تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی پێشووی نێوانیان یەکلایی کردەوە و بڕیاریدا بە نایاسایی بوونی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم بە بێ ڕەزامەندی عێراق.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرد. هەروەها ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیش هەر لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرا. بەڵام لە دوای بڕیارەکەی ژووری ناوبژیوانی پاریس هەرێم نەوتی هەناردە نەکردووە بەشێوەی فەرمی، بەڵام باس لە فرۆشتنی نەوت بە ڕێگەی نایاسایی دەکرێت و عێراقیش چەند جارێک ئەم پرسەی لە ڕێگەی میدیاکانیەوە ورووژاندووە کە بەرپرسانی هەرێم بە نایاسایی نەوت هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکەن و داهاتەکەی ڕادەستی حکومەتی فیدڕاڵی ناکرێت، پێشتریش شارەزایەکی بواری نەوت ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت، پێدەچیت حکومەتی عێراق لە داهاتوودا پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە نایاسایی بکاتە دۆسیەیەک دژی هەرێم و بیباتە دادگای فیدڕاڵی.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر پرسی فرۆشتنی نەوت و ڕێگری بارهەڵگرەکان پەیوەندی کرد بە تارق حەیدەری قائم قائمی قەزای کۆیە لەسەر پشکی یەکێتی، قائم قام بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کێشەی وەستانی تەنکەرەکان هۆکارەکەی دروستبوونی قەرەباڵغی و لۆدە لەسەر ڕێگەکان، دەیانەوێت بە قۆناغ بەڕێیان بکەن بۆئەوەی لۆد لەسەر جادەکان دروست نەبێت، هەوڵمانداوە ئێستا خەریکی بەدیلین و ڕێگەی سماقوڵی بکەینەوە چونکە پێشتر هەر بە کۆیەدا دەهاتن، لە ئەمڕۆ عەسرەوە ئیعازمانداوە لە هەردوو ڕێگەکەوە بڕۆن."
وتیشی،" کێشەکە پەیوەندی نییە بە کێشەی پارەوە ئەو بارهەڵگرانەش ئەو نەوت و پێداویستیانەیان هەڵگرتووە کە بۆ نەنزینخانە و سووتەمەنی پێویستی پارێزگاکان دابین دەکرێت."