نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف لە شارەزوور دەڵێت، "ئەو پەتای سکچوون و رشانەوەیەی لە سنووری شارەزوور بڵاوبووەتەوە مەترسیدارنییە و بە وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی دۆخی هاوڵاتییان جێگیردەبێت".
لە دوێنێوە نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزوور بڵاوبووەتەوە، قائیمقامی قەزاکە رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە 80%ی هۆکاری تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە بووە.
رزگار غەفور، قائیمقامی شارەزوور وتیشی، "لە بەشێک لە گەڕەکەکانی سنوورەکە بەهۆی باران و لافاوی چەند رۆژی رابردووەوە سەرچاوەکانی ئاو پیسبوون و ئەو هاوڵاتییانەی بەکاریانهێناوە نەخۆش کەوتوون".
لای خۆشییەوە، نەخۆشخانەی شەهید رەئوف لە شارەزوور بڵاویکردەوە، ئیدارەی نەخۆشخانەکەمان دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییانی سنوورەکە کە ستاف و دەرمانی پێویست لەبەردەستایە و دەتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لەبارەی ئەو قەرەباڵەغیەی لە نەخۆشخانەکە دروستبووە باسی لەوەکرد، زۆرینەی هاوەڵی نەخۆشە و هاوڵاتییان دەتوانن بەجێبەجێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و دەستشتن و بەکارنەهێنانی ئاوی تەنکی ماڵەکانیان بۆ خواردنەوە لەم چەند رۆژەدا بەتەواوی پەتاکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.